ئوغنا لە کۆنفرانسی ئازادی ئایینیەوە: نەمانى کرستیانەکان لە عيراق هەڕەشە لە ناسنامەی کولتووری وڵات دەکات

بەڕێوبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سریانی لە هەرێمی کوردستان،كلدو ڕەمزی ئوغنا، کە بەشداری چالاکییەکانی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئازادی ئایینی IRSFSummit2024 دەکات ،لە واشنتۆن دی سی ، جەختى لەوە کردەوە کە نەمانى کرستیانەکان لە عيراق هەڕەشەی لە دەستدانى ناسنامەی کولتووری وڵاتە.
ڕۆژی سێشەممە 30- 1ی 2024ئوغنا بەشداری دانیشتنەکانی کۆنفرانسی جیهانی ئازادی ئایینی کرد و لە چاوی کەمینەکانەوە باسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کرد،و لە میانی وتارەکەیدا ئاماژەی بە ڕێنێسانسی فیکری و کولتووری کرد کە کرستیانەکان لە عيراق بەشدارییان تێدا کردوە بۆ دروستکردنی ناسنامەیەکی کولتووری هەمەچەشن لە وڵاتدا.
هەروەها وتى ، “بە نەمانی کرستیانەکان لە عێراق، ئەم شوناسە کولتوورییە کە تایبەتمەندی عێراقی هەمەچەشنە، هەڕەشەی نەمانی لێدەکرێت”، ئاماژەی بەوەشکرد، “کۆمەڵگەی کرستیان و کەمینەکان لەبەردەم چەندین بژاردەدان، یان لەژێر دەسەڵاتێکی زۆردارى ڕادیکاڵدا بژین یانيش جۆرێک لە خۆبەڕێوەبردنی خۆجێیان هەبێت بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکانیان و بەشداریى راستەقینەیان لە بریارداندا.”
لەلایەکی ترەوە ئوغنا باسی لەوە کرد کە وەزارەتی ڕۆشنبیری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ، بەشێوەیەکی بەردەوام بەرەو پرۆسەی چەسپاندنی چەمکەکانی فرەچەشنی لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سریانییەوە هەنگاو دەنێت.
بۆ ماوەی ٣٠-٣١ی کانونى دووەمى ٢٠٢٤، واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا، میوانداری کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئازادی ئایینی (IRFSummit2024)ی کرد، بە بەشداری دامەزراوەکانى مافی مرۆڤ و ئاینییە نێودەوڵەتییەکان، کە لە میانی کۆنفرانسەکەدا دانیان بەوەدا نا کە لە 80%ی دانیشتوانی جیهان بەدەست سنووردارکردنی ئایینیەوە دەناڵێنێت.
لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا ئوغنا بانگهێشتنامەیەکی پێگەیشت بۆ بەشداریکردن لە نانی بەیانی ڕۆژی نیشتمانی نوێژى ئەمریکا The Nationa Prayers Breakfastکە سبەی پێنجشەممە بە بەشداری سەرکردە و نوێنەرانی سەد و چل وڵات لە سەرانسەری جیهان بەڕێوەدەچێت.

Leave a Comment

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Share via
Copy link
Powered by Social Snap