ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی شوباتی ٢٠٢٤، کۆشکی کۆنفڕانس لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار وشوێنەوارەکانى حکومەتى فیدراڵی، لە هۆڵی ئەلشەبیبی لە کۆشکی کۆنفرانسەکان لە بەغدای پایتەخت، بە ئاهەنگێکی تایبەت ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی بەرز ڕاگرت.
ئاهەنگەکە کە لە ژێر دروشمی “زمانی سریانی درێژکراوەی شارستانیەتی میزۆپۆتامیا” بەڕێوەچوو و لە ژێر چاودێرى وەزیری ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوارەکان لە حکومەتی فیدراڵ، دکتۆر ئەحمەد فەکاک ئەلبەدرانی، وتاری بەخێرهاتن لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی بەشی کۆشکی کۆنفرانسەکان، د.مۆنتەسەر سەباح الحسناوی پێشکەشکرا، تیایدا باسی لە گرنگی زمان کرد لە گەشەپێدان و پەیوەندیکردن لەگەڵ… کۆمەڵگاکان و فێربوون و پاراستنی کولتوورەکانیان.
ئاهەنگەکە بریتی بوو لە سیمپۆزیۆمێکی دیالۆگ لەسەر زمانی سریانی، کە لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی ماڵی دەستنووسەکان لە وەزارەتی ڕۆشنبیری فیدراڵ، د.ئەحمەد ئەلعلیاوى سەرپەرشتی کرا، کە تێیدا بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری وهونەری سریانی حکومەتی هەرێم ، کلدۆ ڕەمزی ئۆغنا، ونووسەری سریانی بوترۆس هورمزنەباتى و پسپۆڕی مسمارییەکان و زمانی سۆرت، نووسەر نینەب لاماسو، بەشداریان کرد.
لە میانی سیمپۆزیۆمی دیالۆگدا ئۆغنا جەختی لەوە کردەوە کە “زمانی ئارامی سریانى یەکێکە لە زمانە کۆنەکان کە بە پیتی ئەلفوبێ نووسراوە و زیاتر لە سێ هەزار ساڵە درێژدەبێتەوە، کە بۆ عێراق و هەموو مرۆڤایەتی میراتێکی نەمری ئەدەبی و کولتووری بەرهەمهێناوە، بەشێکی زۆری… تا ئێستاش زیندووە”.
ئۆغنا بە وردى ، باسی لە مێژووی زمانی سریانی کرد، کە دوای وەرگێڕانی کتێبی پیرۆز بۆ شێوەزاری روها لە سەدەی دووەمی زایینیدا، گرنگیی خۆی بەدەستهێنا.
سەبارەت بە دۆخی ئێستای زمانی سریانی لە هەرێمی کوردستان، ئۆغنا دووپاتی کردەوە، “لە ساڵی 1991ەوە زمانی سریانی لە کوردستانی عێراق لە ماوەی سێ قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەی دەوترێتەوە و ئەمڕۆش نزیکەی 50 قوتابخانەمان هەیە کە لە هەرێمی کوردستان بە زمانی سریانی وانە دەڵێنەوە لە ناوچەکەدا”.
ئۆغنا زیاتر گوتی، “بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سریانی دامەزرا، کە بەشێوەیەکی بەرفراوان کار بۆ بڵاوکردنەوەی کولتوری سریانی و پاراستنی ڕۆشنبیرى سریانی دەکات”.
لە ئاهەنگەکەدا هەریەک لە سکرتێری گشتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەفوان بەشیر یونس و ئەندامی ئەنجومەن دکتۆر مەجید شەنگالی، جگە لە کۆمەڵێک کەسی ئارەزومەند لە کاروباری ڕۆشنبیری و ئەدەبی سریانی ئامادەبوون.
ڕۆژی چوارشەممە 21ی شوباتی 2024، بەرێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سریانی بە هاوبەشى بەرێوەبەرایەتی گشتی خوێندنى سریانی و بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی دەوروبەرى هەولێر، چالاکییەکانی مەراسیمی زیندووکردنى ڕۆژی جیهانی زمانی دایک بە زمانى سریانى ، لە هۆڵی مۆزەخانەی کەلەپوورى سریانی لە قەزای عەنکاوە لە پارێزگای هەولێر ڕێکخست.
شایانی باسە ڕۆژی جیهانی زمانی دایک ئاهەنگێکی ساڵانەیە لە سەرانسەری جیهان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری لە هەمەجۆریی زمانەوانی و کولتووری و فرە زمانی، ٢١ی شوبات بە ڕۆژی جیهانی زمانی دایک دانرا، و بە فەرمی لەلایەن ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کرا.










