چالاکییەکانی سێیەمین فيستیڤاڵی کریسمسی عەنکاوە لە قەزای عەنکاوە، ڕۆژی هەینی ٢٢ی کانوونی یەکەم٢٠٢٣،وبە ئامادەبوونێکى فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جەماوەرێکی زۆر لە باخچەکانی سەنتەری ئەکادیمی کۆمەڵایەتی لە عەنکاوە دەستیپێکرد.
سەرەتا لە مەراسیمی کردنەوەدا شاندێکی فەرمی حکومەتی هەرێمى كوردستان، کە پێکهاتبوون لە : ڕێبەر ئەحمەد وەزیرى ناوخۆ، ئانو جەوهەرعەبدوکا وەزیرى گواستنەوە وگەیاندن، ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر، سەفین دزەیی بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە، د. جوتیار عادل سەرۆکى فەرمانگەى میدیا و زانیارى، پێشەوا هەورامی وتەبێژی حکومەتی هەرێمى كوردستان.
مەراسیمەکە بە نمایشێکی تیپی هونەری سریانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سریانی دەستی بە چالاکییەکانی کرد، دواتر ووتاری بەرێوەبەرایەتی، کلدۆ ڕەمزی ئۆغنا بەرێوەبەری گشتی پێشکەش کرا،و تیایدا جەختی لەوە کردەوە کە “عەنکاوە ئەو شوێنەیە کە نەک تەنها مەسیحییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق ، بەڵکو ئەوانەی لە وڵاتانی دیکەش کۆدەکاتەوە”، ئاماژەى بەوەش کردەوە کە “ئەرکی ئەمڕۆمان بڵاوکردنەوەی ئەو پەیامەیە کە عیسا مەسیح فێری کردین، پەیامی ئاشتی و خۆشەویستی، ئێمە گەلێکی زیندووين سەرەڕای ئەو بارودۆخەی کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە”.
ئۆغنا رونیشیکردەوە، “فيستیڤاڵى ئەمساڵ بە ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان جیادەکرێتەوە لەڕێگەی پێشکەشکردنی شوێنی بێبەرامبەر بۆ پاڵپشتیکردنی کارەکانیان، ئەمە جگە لە بوونی زیاتر لە 28 شوێن بۆ کاری دەستی گەنجان”، ئەمەش ئاماژەی ڕون و دیارى ئامانجی … ڤیستیڤاڵەکەیە.
لە کۆتایی قسەکانیدا ئۆغنا ڕۆڵی لایەنە بەشداروسپۆنسەرەکانی فێستیڤاڵەکەی بەرز نرخاند (سەرۆکی شارەوانی قەزای عەنکاوە، سەنتەری ئەکادیمی کۆمەڵایەتی لە عەنکاوە، یانەی کۆمەڵایەتی لاوانی عەنکاوە، نەخۆشخانەی چاوی ڕۆژئاوا، کۆمپانیای فلای ئەربیل و ئێم جی مۆتۆرز )، ئاماژەی بەوەشکرد، فێستیڤاڵی کریسمسی عەنکاوە یەکێکە لە گەورەترین فیستیڤاڵەکان، وساڵانە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
دواتر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێم، ئانۆ جوهەر عەبدوکە، وتارێکی پێشکەش کرد کە تیایدا ستایشی ئەو کەسانەی کرد کە کاردەکەن لە سازدانی فێستیڤاڵەکەدا، دواتر سروودی ئاینی لەلایەن تیپی ئەکادیمیای ئۆرنینا پێشکەش کرا، پاشان تیپی هونەری سریانی نمایشێک لە سەماى کولتوورى پێشکەشکرد.
یەکەم ڕۆژی فێستیڤاڵەکە تا درەنگانى شەو بە چالاکییە هونەری و موزیکییەکان و گۆرانی وتن بەردەوام بوو.
شایانی باسە فێستیڤاڵی کریسمسی عەنکاوە لە خولی سێیەمی خۆیدا کە بە سەرپەرشتی قایمقامیەتى قەزای عەنکاوە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سریانی وبە بەشداری ژمارەیەک ڕێکخراوی گەنجان ورێکخراوەکانى کۆمەڵگەی مەدەنی بەڕێوەدەچێت،وبۆماوەی 10 ڕۆژ لە پشووی جەژنی کریسمس و سەری ساڵدا لە باخچەکانی سەنتەری ئەکادیمی کۆمەڵایەتی لە عەنکاوە بەردەوامدەبێت.









































