ڕۆژی سێشەممە 18ی شوباتی 2025، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سریانی لە هەرێمی کوردستان سپۆنسەری مەراسیمی دەستپێکردنی سکۆلەرشیپی بێبەرامبەری “10”ی قوتابى زانکۆکرد، کە سەرجەم خەرجی خوێندنیان دەگرێتە ئەستۆ بەمەبەستی تەواوکردنی ساڵی خوێندن لە زانکۆی کاسۆلیکی هەولێر.
لە وتارەکەیدا سەرۆکی زانکۆ، دکتۆر نزار بولۆس شابیلا، بەئامادەبوونی قەشە کەرەم قاشا، جێگری سەرۆکی زانکۆ، سوپاسی بەرێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سریانی و دەستەى بەڕێوەبردنی فیستیڤاڵی “عەنکاوە کریسمس”ی کرد بۆ سپۆنسەرکردنی گەنجە بەهرەمەندەکانى گەلەکەمان و پاڵپشتیکردنیان بۆ تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ.
لە بەرامبەردا، بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سریانی، کلدۆ ڕەمزی ئۆغنا، دووپاتی کردەوە کە “متمانەیەکی زۆرمان بە زانکۆی کاسۆلیکی لە هەولێر هەیە، و هەڵبژاردنی ئەو قوتابیانەى کە لە سکۆلەرشیپی بێبەرامبەردا بەشداربوون بەپێی پێوەرەکانی زانکۆیە”،و ئاماژەی بەوەشکرد “ئامانجمان لەم سکۆلەرشیپەدا ئەوەیە کە دەرفەتێک بۆ گەنجەکانمان بڕەخسێنین بۆ تەواوکردنی خوێندن، وەک چۆن لیژنەکە پەسەندی کردووە.
یەکەمین جارە کە فیستیڤاڵی عەنکاوە سکۆلەرشیپی بێبەرامبەر پێشکەش بە خوێندکارانی زانکۆ دەکات.
شایانی باسە، خولی چوارەمی فيستیڤاڵی کریسمسی عەنکاوە لە ٤ی ١ی ٢٠٢٥ کۆتایی بە چالاکییەکانی هێنا، کە لە لایەن پلاتفۆرمی فيستیڤاڵی عەنکاوە بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سریانی،و بە هاوکاری ناوەندی ئەکادیمی کۆمەڵایەتی و یانەی لاوانی کۆمەڵایەتی عەنکاوە ڕێکخرابوو.











