ڕۆژی یەکشەممە ٤ی ئایاری ٢٠٢٥، ئیدارەی خولی چوارەمی فیستیڤاڵی کریسمسی عەنکاوە، یارمەتی دارایی بۆ کڕینی ئامێرى فۆتۆکۆپی بۆ ژمارەیەک قوتابخانەی حکومی لە قەزای عەنکاوەى سەر بە پارێزگای هەولێر دابینکرد. ئەم یارمەتییە پشتگیری لە پرۆسەی خوێندن و خزمەت بە خوێندکارەکانمان دەکات، و یارمەتیان دەدات خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی تەواو بکەن، کە دەیانگەینێتە زانکۆ.
ئەو بەخشینانە بریتين لە پێشکەشکردنی پاڵپشتی دارایی بۆ ئیدارەکانی ژمارەیەک قوتابخانەی حکومی لە عەنکاوە، ئەوانیش (قوتابخانەی ئامادەکاری تێکەڵاوی عەنکاوە، قوتابخانەی ئامادەى ئاکیتو بۆ کوڕان، قوتابخانەی بنەڕەتی سریانی حەمورابی، و قوتابخانەی زاگا)، جگە لە دابینکردنی کۆمەڵێک جلوبەرگی كولتوورى بۆ خوێندکارانی قوتابخانەی بنەڕەتی حەدیاب و قوتابخانەی ئەربائیلۆی سریانی و بەڕێوبەرایەتی کەلەپوورو مۆزەخانەى سریانى سەر بە بەڕێوەبەرایەتى گشتى ڕۆشنبیری و هونەری سریانی.
بەخشینەکان لە کاتى پێشوازی بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سریانی، کلدۆ ڕەمزی ئۆغنا، بۆ بەڕێوەبەر و مامۆستایانى ئەو قوتابخانانەی کە یارمەتییەکان دەیانگرێتەوە ، بەخشران.
شایانی باسە، خولی چوارەمی فيستیڤاڵی کریسمسی عەنکاوە لە ٤ی ١ی ٢٠٢٥ کۆتایی هات، فيستیڤاڵەکە لە لایەن پلاتفۆرمی فيستیڤاڵی عەنکاوە بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سریانی،و بە هاوکاری ناوەندی کۆمەڵایەتی ئەکادیمی و یانەی لاوانی کۆمەڵایەتی عەنکاوە ڕێکخرابوو.





