ڕۆژی پێنجشەممە، 24ی نیسانی 2025، بەرێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سریانی، کلدۆ ڕەمزی ئۆغنا، و بەڕێوەبەری مۆزەخانە و کەلەپوورى سریانی، بێرنارد یوسف، لە باڵەانەى مۆزەخانە لە قەزاى عەنکاوە پێشوازییان لە شاندێکی نێودەوڵەتی کرد، کە لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان و خاوەن بیروباوەڕی ئایینی جیاوازيان لەخۆگرتبوو.
سەردانکەران گەشتیان بە هۆڵەکانی مۆزەخانەکەدا کرد و سەیری کەلوپەلە کۆکراوە کانیان کرد، کە نوێنەرایەتی میرات و کولتوور و مێژوویی گەلەکەمان دەکەن. وجەختیان لە گرنگی پاراستنی ئەم میراتە کولتوورییە و گواستنەوەی بۆ نەوەکانی داهاتوو بۆ پاراستنی لە لەناوچوون کردەوە.
لە سەردانەکەدا خولەکێک بێدەنگی گیرا ومۆم بۆ گیانی پاکی شەهیدانمان داگیرسێندرا. هەروەها کورتە فیلمێک لەسەر کۆمەڵکوژی سەیفۆ نمایشکرا، ئەویش بە بۆنەی تێپەربوونى 110 ساڵ بە سەر روودانى .ئەو کۆمەڵکوژییەی کە لە جەنگی جیهانی یەکەمدا لە سەر خاکى دەوڵەتی عوسمانی لەو کاتەدا دژی گەلەکەمان ئەنجامدراووە.
هەروەها سەردانکەران مۆمیان بۆ گیانی پاپا فرانسیس داگیرساند کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر کۆچی دوایی کرد، لە گۆشە تایبەتییەکەى لە هۆڵی مۆزەخانەی کەلەپوورى سریانى لە عەنکاوە.
لە وتارەکەیدا کە لە پەراوێزی سەردانەکەدا پێشکەشی کرد، کلدۆ ڕەمزی ئۆغنا، بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سریانی، جەختی لەوە کردەوە کە ” یادەوەری کارێکی نەرێنی نییە، بەڵکو هەڵوێستێکی کاریگەرە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئینکاری و سڕینەوەی ڕاستییەکان و لەبیرچونەوەی مێژوویی”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “بانگەوازێکە بۆ دانپێدانان، نەک بۆ تۆڵەسەندنەوە، بەڵکو بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری و پاراستنی کەرامەت”.
شایەنی باسە شاندەکە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ بەشداریکردن لە ڕۆژی نزاى نیشتمانی کوردستان، کە چوارشەممەی ڕابردوو لە هەولێر دەستیپێکرد و بۆ یەکەمجار لە هەرێم بەڕێوەدەچێت، لە ٢٢ تا ٢٥ی نیسان لەژێر تەوەری “بەرەو یەکڕیزی لە بیروباوەردا” بەردەوام دەبێت.




















































