ئۆغنا لە لوبنانەوە: بەڕێوەبەرایەتییەکەمان خزمەتى ڕۆشنبیرى سریانى لە عێراق و وڵاتانى دراوسێدا دەکات.

بەڕێوەبەرى گشتیی ڕۆشنبیرى و هونەرى سریانى لە حکومەتى هەرێمى کوردستان جەختى لەسەر ئەوە کردەوە کە بەڕێوەبەرایەتیەکەیان، خزمەتى ڕۆشنبیرى و ئەدەبى سریانى لە هەرێم و عێراق، هەروەها لە وڵاتانى دراوسێدا دەکات، بەجۆرێک، هەر شوێنێک کە بوونی گەلی سریانی لێبێ ئەوا خزمەت بەوێ دەگەیێنین.

بەڕێوەبەری گشتیی ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم پاڵپشتی وگرنگیپێدانە، لە چوارچیێوەى ئەو ڕوئیا و پلانە ڕاستەوخۆیەی حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە دێ ، کە دەبێ کەلتوور و جڤاکی سریانی لە بزاڤ و چالاکی ڕۆشنبیری خۆی نەکەوێ و بەردەوامبێ و پەرەی زیاتری پێبدرێ. دیارە ئەمەش بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆیی ڕێزدار (مەسرور بارزانی)ی سەرۆکی حکومەتى هەرێمى کوردستانە.

ئەم قسانەی بەڕێز کلدۆ ڕەمزی ئۆغنا بەڕێوەبەرى گشتیی ڕۆشنبیرى و هونەرى سریانى لە حکومەتى هەرێمى کوردستان لە میانەى ئەو دیبەیتەوە هات کە کۆمەلەى سریانى لە بەیروت لە ژێر ناونیشانى (تەحەددیاتى مانەوە بۆ گەلەکەمان) لە ڕۆژى سێشەممە 6ى حوزەیرانى 2023 ڕێکخستبوو.

لە سەرەتای وتارەکەیدا، ئۆغنا بە ستایشکردنی ڕۆڵی کۆمەڵەی سريانی لە پێشڤەبردن و پەرەدان بە پرسەکانی گەلی سریانی دەستیپێکرد و بەوجۆرە ناساندی کە ماڵێکە بۆ گشت چالاکوانانی مافی مرۆڤ و بوارەکانی تری ڕۆشنبیری و جڤاکی، لە لایەکی ترەوە کۆمەڵەی سریانی بەوە ناساند کە سەکۆیەکە بۆ خەباتی گەلەکەمان، لە ڕۆژهەڵات و لە تاراوگەدا.

لە درێژەی قسەکانیدا، ئۆغنا تیشکی خستە سەر سەر ئەو کۆمەڵکوژیانەی کە لە ١٠٠ ساڵی ڕانردوودا دەرهەق بە گەلی سریانی کراوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە جۆرێک دووچاری کۆمەڵێک کارەسات هاتوونەتەوە کە لە کووشتارگەی “سێفو ” لە ساڵی ١٩١٥وە دەستیپێکرد، تا کووشتارگەی “سێمێل” لە ساڵی ١٩٣٣ و کووشتارگەکانی داعش لە ساڵی ٢٠١٤.

ئۆغنا باسی لەوەش کرد کە تێڕوانینی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبێ ڕەهەندی فرەنەتەوەیى و فرەئایینی و قبووڵکردنی بەرامبەر، دەبێتە هۆی تاکڕەوی و پەراوێز خستنی ئەوانی تر، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە لە شێواندن و لەناوبردنی پێکەوەژیان و تەبایی و سەقامگیری ناوچەکە کە بە فرە ڕەهەندی دەناسرێتەوە.

هەر لە درێژەی قسەکانیدا، گووتی:
ڕاستە ئێمە لە عێراقدا کەمینەین، بەڵام هەمیشە شانازی بەوە دەکەین کە بەشێک نەبووینە لە وێرانکارییە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق و تەنانەت لە ناوچەکەشدا.

ئۆغنا لە خوێندنەوەیەکدا بۆ دەستووری عێراق، پەنجەی خستە گرفتی هەرە سەرکی ناو دەستوورەکە، کە ئایینی ئیسلامی کردۆتە ئایینی دەوڵەت و بۆتە بنەما و سەرچاوە بۆ یاسادانان و تەشریع کە ئەمەش بۆتە هۆکاری لەناوبردنی ناسنامەی گەلی ئێمە و بەڕادەیەک یەکسانی ناپرێزێ هاوڵاتییبوونی ئێمە لەناو دەبا و بۆتە هۆی کۆچی بە لێشاوی گەنجان و خەلکانێکی زۆر لە گەلەکەمان.

لە خستنەڕووی کۆمەڵێک داتا،
بەڕێوەبەری گشتیی ئاماژەی بەوەدا،
ژمارەی ڕاستەقینەی گەلەکەمان تا پێش ساڵی ٢٠٠٣ نزیکەی “ملیۆن و نیو “بووە بەڵام بە هۆکاری نە پاراستنی یەکسانی نەتەوەیی و ئایینی و فرەڕەنگی، لە ئێستادا خەریکە کەنیسەکانمان چۆڵ دەبن.

سەبارەت بە دۆخی گەلی سریانی لە هەرێمی کوردستاندا، ئۆغنا ژیان و گووزەران و ئازادی سریانەکانی لە هەرێمی کوردستاندا بە بەرز نرخاند و باشی وەسفکرد، بە جۆرێک کە پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە هەرێمی کوردستاندا گەشی زیاتری بەخۆوە بینیوە و بەپێی بڕیارێکی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان شارۆچکەی عەنکاوە کرا بە قەزا و لە ئێستادا بە ئازادی و ئارامی، حەفت و پێنج هەزار لە گەلی سریانی تێیدا نیشتەجێیە کە پێویستە بە هەموومانەوە بایەخ و گرنگیپێدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بپارێزین و کار لەسەر ئەوە بکەین پەرەی زیاتریشی پێبدەین.

دەربارەی زمانی سریانی بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیرى و هونەری سریانی زمانی سریانی بە زمانێکی ڕەسەن و نیشتمانی لە عێراق و و لە زۆرێک لە ناوچەکەدا زمانەکە بە زمانێکی فەرمی دادەنرێت، ئەمەش بۆخۆی دەستکەوت و شانازییەکی گەورەیە بۆ ڕۆڵەی گەلەکەمان.

هەر لەسەر دۆخی سریانەکان لە هەرێمی کوردستاندا، ئۆغنا بەڕوونی ئاماژەی بەوەدا کە لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێم، بوون و ئامادەیی باشمان هەیە.

لە کۆتایی قەسەکانیدا، ئۆغنا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێ بە بزاڤ و چالاکی و کاری جڤاکی و ڕۆشنبیری و سیاسی، بوونی گەلی خۆمان بپارێزین و پەرەی پێبدەین، بەتایبەت کە هەل و مەرج لە هەرێمی کوردستان و دام و دەزگانی زۆر لە بارن.

Leave a Comment

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Share via
Copy link
Powered by Social Snap