بە بەشداری فەرمی… ڕۆشنبیری سریانی بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایک ڕێوڕەسمێک ساز دەکات.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری سریانی، بەیانی شەممە 21ی شوبات 2026، لە هۆڵی مۆزەخانەی کەلەپووری سریانی لە قەزای عەنکاوە، چاڵاکییەکی تایبەت بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی ڕێکخست.
ئاھەنگەکە بە وتاری بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری سریانی (بە وەکالەت) دەستی پێکرد، هەروەها وتاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە تێیدا گرنگی زمانی دایک و ئەو گرنگییەی کە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بە زمانی سریانی دەدات، لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری سریانی و دامەزراوە و بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان، پشتڕاستکرایەوە.
دواوتر، کورتە فیلمێک لەسەر زمانی سۆرەث نمایش درا، لە دەرھێنانی ڕەفیق نوری حەننا، پاشان تابڵۆیەکی کولتوری لە لایەن تیپی هونەری سریانی پێشکەشکرا، کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری سریانیە. جێی ئاماژەیە کە هەریەکە لە بەڕێزان کلدو رمزی ئوغنا ئەندامی پەرلەمانی عیراق و د.جێمس هەسدو ئەندامی پەرلەمانی کوردستان ،و وەزیری کارووباری پێکهاتەکان لە هەرێم ئایدن مەعروف، و وەزیری گواستنەوە و گەیاندن لە حکومەتی هەرێم ئانو جۆهەر، پارێزگاری هەولێر ئۆمێد خۆشناو، بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان لە حکومەتی هەرێم ئاریان سەلاحەددین و هێمن قادر قایمقامی قەزای عەنکاوە بە وەکالەت لەگەڵ ژمارەیەک ئەکادیمی و ڕۆشنبیر لە بواری کەلتوور و زمانی سریانی ئامادەی ڕێوڕەسمەکە بون.
شایانی باسە، ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی (International Mother Language Day) بۆنەیەکی ساڵانەیە کە لە سەرانسەری جیهاندا بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری لەسەر فرەزمانی و جۆراوجۆری کەلتووری ڕێکدەخرێت. ڕۆژی 21ی شوبات وەک ڕۆژی جیهانی زمانی دایک دیاریکراوە و بە فەرمی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کراوە.










