بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سریانی، بە هەماهەنگی یەکێتی نووسەران و ئەدیبانی سریان، بەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، بۆنەی ١٧٧مین ساڵیادی دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی سریانی بە ناوی «زهريری دبهرا» بە واتای «تیشکی ڕووناکی»، لە هۆڵی هۆتێل هیکسۆس لە قەزای عەنکاوەی هەولێر سازکرد.
بۆنەکە بە وەستانی خولەکێک بێدەنگی بە ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕۆژنامەنووسی سریانی و شەهیدانی نیشتمان و وشەی ئازاد دەستی پێکرد.
دواتر، بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەر سریانی، بەڕێز ڤان شوقی گەلیانا، وتارەکەیدا پیرۆزبای و پێزانینی خۆی ئاراستەی ڕۆژنامەنووسان و میدیاکار و ڕۆژنامەنووسیانی سریان کرد. هەروەها ئاماژەی بە گرنگی کاری ڕۆژنامەنووسی لە پاراستن و بەردەوامبونی کولتووری گەلەکەمان کرد و جەختی لەسەر پێویستی پشتیوانی لە ئازادی ڕۆژنامەنووسان و پاراستنی مافەکانیان لە نیشتماندا کردەوە.
سەرۆکی یەکێتی نووسەران و ئەدیبانی سریان، ئەکەد موراد، بەخێرهاتنی بەشداربووانی کرد و لە وتەکەیدا ئاماژەی بە بارودۆخی دامەزراندنی ڕۆژنامەی سریانی و گرنگترین قۆناغەکانی پڕۆسەی پێشکەوتنی لە ماوەی ١٧٧ ساڵی ڕابردوودا کرد.
پاشان، نەقیبی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، بەڕێز ئازاد حەمە ئەمین، وتارێکی بە بۆنەی ئەم ڕۆژە تایبەتە بە ڕۆژنامەنووسانی پێکهاتەکانی هەرێم پێشکەش کرد. لە دوای ئەوەش، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێز ئانۆ جەوهەر عەبدوکا، لە وتەکەیدا جەختی لەسەر ڕۆڵی حکومەتی هەرێم لە پشتیوانی زمانە نەتەوەییەکان و کولتووری پێکهاتە هاوژیانەکانی هەرێم کردەوە.
دواتر، فیلمێکی کورت دەربارەی ڕۆژنامەنووسی سریانی، بەرهەمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سریانی و لە دەرھێنانی ئەیاد جەببار،نمایشکرا. بەدوای ئەوەدا، دانیشتنێکی گفتوگۆ لەژێر ناونیشانی «ڕۆژنامەنووسیی سریانی و نەوەی نوێ» بەڕێوەچوو، کە لەلایەن میدیاکار دیلان عەزمەت بەڕێوە بردرا و میدیاکاران (مەریەم یومەر و ئەندی سۆلاقا) بەشدارییان تێدا کرد.
هەروەها، تیپی هونەری سریانی چەند سەمایەک لە کولتووری گەلەکەمان پێشکەش کرد، بە سەرپەرشتیی بەڕێز فرانک فرید یوسف .
لە کۆتاییدا، بۆنەکە بە ڕێزگرتن و خەڵاتکردنی ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسان و میدیاییەکانی بواری ڕۆژنامەنووسیی سریانی و دامەزراوە میدیاییە جیاوازەکان کۆتایی پێهات، بە مەبەستی هەڵسەنگاندن و پێزانین بۆ بەرهەم و دەستکەوتە میدیاییەکانیان. ئەوانەش بریتی بوون لە: (مال الله فەرج، پەترۆس هەرمز نەباتی، ڕۆند پۆڵۆس، ڤیان جەلال مەرقس، پاتریسیا ئیبراهیم، جاک ئانۆیا، سەبری ئیسحاق، سامر سەعید، داوود یوخەنا، جوان یوسف شابا، مەناڵ ئەبونا، فابیان نوێل، ستیڤن حەبیب، ئەلبێرت یوارش، ڕاغب ئیلیاس، کلارا جەودەت ڕزقۆ، ئەمیر تۆما بۆیا، ڕیکارد جۆرج، عودیش ئایشی و هانی مەتی نەجیب).
لە دواى ڕێزگرتنەکەش، پێشانگایەک بۆ بڵاوکراوە سریانییەکان کرایەوە، کە لە پەراوێزی بۆنەکەدا لەلایەن کتێبخانەی ڕۆشنبیری سریانی، بە هاوبەشی یەکێتی نووسەران و ئەدیبانی سریان، ڕێکخرابوو.
شایانی باسە، گەلەکەمان ڕۆژی ڕۆژنامەنووسی سریانی بە پەیوەندی بە مێژووی دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامە بە زمانی سریانییەوە دەکاتە بۆنە؛ ئەو ڕۆژنامەیە بە ناوی «زهريرێ دبهرا – تیشکی ڕووناکی» ناسراوە و یەکەم ژمارەی لە
١ تشرینی دووەمی ساڵی ١٨٤٩ لە شاری ئۆرمیا لە ئێرانی ئەمڕۆدا بڵاوکراوەتەوە.








