باكووری، سیمبولی پێكەوەژیان

خەلیل عەبدوڵڵا*

باكووری هونەرمەندێكی گەورەی كوردستانە‌و لە بوارەكانی هونەری گۆرانی‌و موزیك‌و نووسین‌و پەروەردە‌و ئارشیف، خزمەتی زۆری بەگەلی كوردستان‌و پێكهاتەكانی دیكەی كوردستان‌و عیراق كردووە.

باكووری  بەڕەچەڵەك خەڵكی شاری وانی باكوری كوردستانن‌و بەهۆی ئەوەی لەنەتەوەی ئاشوری بوون،لەسەردەمی جەنگی یەكەمی جیهان لە لایەن عوسمانییەكانەوە لەزێدی خۆیان ڕاونراون‌و بەناچاری بۆ عێراق‌و باشوری كوردستان كۆچیان كردووە‌و دواجار لەشاری كۆیە گیرساونەتەوە.

(ئەندریۆس ئیسرائیل خەممۆ) ناوی تەواوی ئەم هونەرمەندەیە‌و بە(باكووری) ناسراوە.

 ساڵی 1952 كە مامۆستا باكووری چۆتە ئیزگەی كوردیی بەغدا، (كامیل كاكەمین) بەرپرسی بەشی كوردیی ڕادیۆی بەغدا، نازناوی باكووری پێبەخشیوە، وەك ئاماژەیەك بەوەی كە خەڵكی باكووری كوردستانە.

باكووری لەساڵی 1928 لەقشڵەی كۆیە لەدایك بووە. لەكۆیە‌و هەولێر قۆناغەكانی سەرەتایی‌و ناوەندی‌و ئامادەیی خوێندووە. ساڵی  1952 لە كۆلیجی (خانەی مامۆستایانی باڵا)ی بەغدا وەرگیراوە‌و پاش  چوار ساڵ خوێندن لەو كۆلیجە، بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لەزمانی ئینگلیزیدا بەدەستهێناوە.

 ساڵی 1957 وەك مامۆستای  زمانی ئینگلیزی لەشاری كۆیە دامەزراوە‌و وانەی ئینگلیزی بەخوێندكاران وتۆتەوەو دواتر خۆی گواستۆتەوە بۆ شاری هەولێر‌و لەو شارە وەك مامۆستای زمانی ئینگلیزی خزمەتی بەخوێندكاران كردووە.

باكووری لەسەرەتای ژیانی لاوییەوە خولیای هونەر بووە‌و وەك گۆرانیبێژ‌و ژەنیار خزمەتێكی زۆری كردووە‌و خاوەنی چەندین بەرهەمی ناوازەیە.

ئەو كاتەی خوێندكاری زانكۆ بووە لەشاری بەغدا، دەچێتە ڕادیۆی كوردی بەغدا، پەیوەندی بە (كامیل كاكە مین) بەرپرسی بەشی كوردیی ڕادیۆی بەغدا دەكات، بۆ ئەوەی گۆرانی لەو ڕادیۆیە تۆمار بكات، لەڕێی لیژنەی هەڵسەنگاندنی دەنگەوە كە هونەرمەندان (عەلی مەردان، ڕەفیق چالاك ‌و ئەحمەد خەلیل) بوون، تاقی دەكرێتەوە، دەنگەكەی پەسەند دەكرێت‌و وەك گۆرانیبێژ لەو ئیزگەیە وەردەگیرێ‌، ئیدی دەست بەتۆمار كردن‌و بڵاوكردنەوەی گۆرانییەكانی دەكات‌و بەوەش بەهۆی دەنگە ڕەسەن‌و بەسۆزەكەیەوە لەسەرانسەری كوردستاندا دەناسرێت.

 مامۆستا باكووری وەك نووسەریش خزمەتی كردووە‌و خاوەنی چەند كتێبێكی بەنرخە كە كتێبخانەی كوردییان دەوڵەمەند كردووە. لەدیارترین بەرهەمەكانی كتێبی(تەمەنێك)ە كە بیرەوەرییەكانی خۆی تێدا ئەگێڕیتەوە‌و تیشك ئەخاتە سەر ژیانی هونەری خۆی‌و سەردەمەكەی.

هەروەها كتێبی( گۆرانیبێژە نەمرەكان) كە بەسێ‌ بەرگ بڵاوبۆتەوە‌و ( 699) لاپەڕەیە‌و لەو سێ‌ بەرگەدا  تیشك ئەخاتە سەر ژیانی هونەریی(47) هونەرمەند.

مامۆستا باكووری، چەند كتێبێكی دیكەی هەیە، لەوانە كتێبی (تیپی مۆسیقای باواجی)، بەحوكمی ئەوەی لەدەستەی دامەزرێنەری ئەو تیپە بووە، لەم كتێبەدا بە وردی مێژووی دامەزراندنی ئەم تیپە‌و كارو چالاكییەكانی لە ساڵانی (1957-2008) دەخاتە ڕوو.

(چۆنیەتی گۆرانی گوتن) كتێبێكی دیكەی مامۆستا باكوورییە، كە لە زمانی ئینگلیزییەوە بۆ سەر زمانی كوردی وەریگێڕاوە.

كتێبی (چیرۆكی هەندێ‌ گۆرانیی كوردی ڕەسەن)، كتێبێكی تری مامۆستایە باكوورییە، لەم كتێبەدا چیرۆكی هەندێ‌ گۆرانیی ڕەسەنی كوردی دەگێڕێتەوە.

كتێبی ئیزگە، بەرهەمێكی تری مامۆستا باكوورییە، لەم كتێبەدا تیشك دەخاتە سەر مێژووی هەردوو بەشی عەرەبی‌و كوردی ئەو ئیزگەیە.

مامۆستا باكووری چەندین كتێبی دیكەی چاپكراو و دەستنووسی هەیە‌و دەیان وتار‌و لێكۆڵینەوەی لە ڕۆژنامە‌و گۆڤارەكانی كوردستان‌و عیراقدا بڵاوكردۆتەوە.

خولیایەكی تری مامۆستا باكووری،كۆكردنەوە‌و ئارشیفكردنی بەرهەمە هونەرییەكانی گۆرانی‌و مۆسیقا‌و بەڵگەنامەكانی ئەو بوارانە بووە، خاوەنی ئارشیفێكی دەوڵەمەندە‌و وەك سامانێكی بەنرخی نیشتمانی لەدوای ئەو بەجێماوە‌و وەك دیاری‌و یادگاری ئەو دەمێنێتەوە‌و بەشانازییەوە لە لاپەڕە زێڕینەكانی مێژوودا تۆمار دەكرێت.

لەپای ئەو خزمەتە زۆرەی لە بواری هونەریدا پێشكەشی كردووە، چەند جارێك لەسەر ئاستی ناوخۆ ‌و دەرەوە، خەڵاتی ڕێزلێنانی پێبەخشراوە.

مامۆستا باكووری بەحوكمی توانا‌و ئەزموونی هونەری، هاوكاری بەشێكی زۆری هونەرمەندانی لەڕووی ئاوازدانان‌و موزیكەوە كردووە‌و پشتیوانی زۆربە تیپە مۆسیقییەكانی كوردستان‌و عیراق بووە.

لەبواری پەروەردەشدا لە شارەكانی كۆیە‌و هەولێر، خزمەتێكی زۆری بە كاروانی خوێندن كردووە‌و وەك مامۆستای زمانی ئینگلیزی سەدان خوێندكار لەسەر دەستی فێری زمانی ئینگلیزی بوون.

وەك مامۆستای هونەری موزیكیش خزمەتی زۆری كردووە‌و سەدان كەس لەڕێی ئەوەوە بەشێوەیەكی زانستی ئاشنای هونەرەكانی گۆرانی‌و موزیك بوون.

ئەگەرچی مامۆستا باكووری، لەنەتەوەی ئاشوری‌و ئاینی كریستیان بوو، بەڵام هەموو ئاین‌و نەتەوەكانی تری خۆشدەویست‌و هەموو ژیانی خۆی بۆ خزمەتی هونەری كوردی تەرخانكرد، بەرهەمەكانی لەبوارەكانی ئاواز‌و گۆرانی‌و نووسین‌و ئارشیفەكەی زۆربەی زۆری كوردین‌و خەرمانی هونەری كوردی دەوڵەمەند كردووە. هەربۆیەش دەتوانین بە سیمبولی پێكەوەژیان پێناسەی بكەین.

پاش خزمەتێكی زۆری هونەری‌و پەروەردەیی، شەوی 2ی تشرینی دووەمی 2022 لە شارۆچكەی عەینكاوە كۆچی دوایی كرد‌و ڕۆژی دواتر 3ی تشرینی دووەمی 2022 لەڕێوڕەسمێكی میللی‌و فەرمیدا ماڵئاوایی لێكرا‌و لە گۆڕستانی عەینكاوە بە خاكی نیشتمان سپێردرا.

دروودی رێز ‌و وەفا بۆ گیانی پاكی مامۆستا باكووری، هەمیشە بەنەمری دەمێنێتەوە.

*بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ڕۆشنبیری‌و لاوان

Leave a Comment

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Share via
Copy link
Powered by Social Snap