باکووری، ھونەرمەندە ھێژا و ھەژی و ھەوێنەکە !..

سالار عوسمان

دەبێ لە دەرفەتی ڕووناک بگەڕێین بۆ قسەکردن، دەرفەتێک ڕووناکی پەخش بکات بۆ ھەمووان، بەڵێ ھەمووان،  تەنانەت ئەوانەی دووریشن، چونکە ژیان واتە حەتمییەتی پێکەوەبوون .

(باکووری- ئەندریۆس ئیسرائیل خەمۆ) یەکێکە لە دەرفەتە ڕووناکەکانی قسەکردن و پەیڤین، بەڵێ باکووری ئایکۆنی پێکەوەژیانی گۆرانییە لە کوردستان، کریستیانێک لە نێو کورداندا، مەسیحییەک لە نێو موسڵماناندا، زۆر بە ھێمنی ژیا، زۆر بەھێمنی گۆرانی گوت و زۆر بە ھێمنی نووسی و ئاکام لە دوای خۆیدا گەنجینەیەک دەنگ و ئاواز و وشە و ورشەی جێھێشت، گەنجینەیەک، کە ئێستا ھەمووان دەتوانین سوودی لێ وەربگرن!.

لە 5/11/2018 لە یادی نۆھەت ساڵەی تەمەنیدا بڕیارماندا بچینە لای، لەوێ و لە ماڵەکەیدا لە گەڕەکی ھەرشەم- عەنکاوە- ھەولێر، کە ھەر خۆی و خەمەکانی تەنیایی پێکەوەبوون و سەریان پێکەوەنابوو، کێکی نۆھەت ساڵەمان بەدەم مۆم داگیرسانەوە شکاند و دواتر گوزەرێکمان کرد بە نێو گۆرانییەکانیدا، ئەو بە دەنگ و چاوی پڕ حەسرەتی، کاک فەرھەنگ غەفووریش بە دەنگ و عودەکەی، ئێمەیش کە کۆمەڵێک نووسەر و ھونەرمەند و ڕۆژنامەڤان و چالاکوان بووین، بە چەپڵە و وەفاوە ئەو شەوەمان پڕ کرد لە خۆشی، لە شادی، لە ئەمەک و ڕێزگرتن لە ھونەرمەندێک، کە گەورە ژیا و گەورە بیری کردەوە و گەورەیش مرد!..

باکووری سەخاوەتێکی ئینسانییانەی گەورەی ھەبوو، سەخاوەتێک کە پڕبوو لە ژیاندۆستی، پڕبوو لە بینینی ئەویتر، سەخاوەتەکەیش ئەوەیە، کە ئەو کورد نەبوو کەچی گۆرانی کوردی دەچڕی، بۆیە ھەقە کورد بە شانازییەوە یادی بکەنەوە و ھەرگیز لە بیری نەکەن، ھەقە لە بواری پەروەردەی ھونەری، تەنانەت لە بواری کەلتووری پێکەوەژیانیش، باکووری وەک نموونەیەکی ھێژا و ھەژی و ھەوێن ناوی بێت و ھەرگیز چراکەی خامۆش نەبێت!..

دوماھی دەمەوێت چەپکێک گوڵی ژیان پێشکەش بە ڕۆحی باکووری بکەم، ڕۆحی ئارام و، کاروانی ھونەر و گۆرانی و پێکەوەژیانیش بەردەوام و بەرھەمدار.

Leave a Comment

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Share via
Copy link
Powered by Social Snap