حەمەی حەمە سەعید – وەزیری رۆشنبیری و لاوان
كوردستان بەدرێژایی مێژوو، مەڵبەندی پێكەوە ژیانی ئاشتییانەی نێوان پێكهاتە نەتەوەییو ئایینیەكان بووە، پێكهاتە نەتەوەییەكانی (توركمان، كلدان، ئاشوور، ئەرمەن)و كۆمەڵە ئاینیو ئاینزاكانی (مەسیحی، ئێزیدی، سابیئەی مەندائی، كاكەیی، شەبەك، فەیلی، زەردەشتیو ئەوانی دیكە)، بەئارامیو ئاسوودەیی لەم وڵاتەدا ژیاونو بۆنە نەتەوەییو ئایینیەكانیان بەئازادی ئەنجام داوەو لەبوارەكانی سیاسیو ئابووریو كۆمەڵایەتیو فەرهەنگیدا خزمەتیان كردووە.
لەدوای راپەڕینی بەهاری 1991، بایەخی زیاتر بەپێكهاتە نەتەوەییو ئایینیەكانی كوردستان دراو پشكیان لە پەرلەمانو حكومەتو ئەنجومەنە خۆجێییەكان پێدراو لەهەموو خولەكاندا نوێنەریان بەشداری كرد.
ساڵی 2015 پەرلەمانی كوردستان، یاسای پاراستنی مافی پێكهاتەكانی كوردستان دەركرد، ئەوەش بەمەبەستی پاراستنو دەستەبەركردنی مافە سیاسیو مەدەنیو كۆمەڵایەتیو ئابورییەكانی پێكهاتەكان بەپێی یاسا ناوخۆییو نێودەوڵەتییەكان، ئەوەش لەپێناو چەسپاندنی گیانی رێزگرتنو لێبوردەییو پێكەوەژیان لەنێوان هاووڵاتیانی كوردستاندا.
لەم خولەی ئێستای پەرلەمانی كوردستاندا، پێكهاتەكانی (توركمان، كلدان، ئاشور، ئەرمەن) بە 11 نوێنەر بەشدارن، (5 نوێنەری توركمان، 5 نوێنەری كلدانو ئاشوور، 1نوێنەری ئەرمەن) .
لەم كابینەیەی حكومەتیشدا، پێكهاتەكان بەدوو وەزیر بەشدارنو لە داموودەزگاكانی حكومەتو ئەنجومەنە خۆجێیەكانیشدا نوێنەریان هەیە.
بایەخ بە بواری كولتووری پێكهاتەكان دراوە، لەیاسای ژمارە(12)ی ساڵی (2011) وەزارەتی رۆشنبیریو لاوانی هەرێمی كوردستانو لەبڕگەی دووەمی مادەی دووەمدا، ئاماژە بە رێزگرتن لەفرەیی هزری كولتووریو نەتەوەییو بایەخدان بەزمانی نەتەوەكانی دیكە دراوە.
هەر بەپێی مادەی سێی یاسای وەزارەتی رۆشنبیریو لاوان، دوو بەرێوەبەرایەتیی گشتیی تایبەت بە پێكهاتەكانی توركمانو سریان هەن.
یەكەم: بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیریو هونەری توركمان
لەساڵی 1998ەوە بەرێوەبەراتیی رۆشنبیریو هونەری توركمان دامەزرا، ساڵی 2007 كرا بەبەرێوەبەرایەتیی گشتیو لەیاسای ژمارە(12)ی ساڵی (2011)ی وەزارەتی رۆشنبیریو لاواندا، وەك بەرێوەبەرایەتی گشتی جێگیر كرا.
ئەم بەرێوەبەرایەتییە گشتییە خزمەتی بە كولتوورو كەلەپوورو هونەری رەسەنی توركمانی كردووەو ئەم كاروچالاكییانەی ئەنجام داوە:
-1فیستڤاڵی ساڵانەی توركمانی تایبەت بە ئەدەب و هونەرو كەلەپووری توركمانی ئەنجام داوە.
-2 دەركردنی گۆڤاری (بارش) بەزمانەكانی توركمانیو كوردیو سریانیو عەرەبی.
-3 چاپكردنی چەندین كتێبی ئەدەبیو هونەریی توركمانی.
-4دامەزراندنی ماڵی توركمان بۆ ئەنجامدانی چالاكی رۆشنبیریو ئەدەبیو هونەری.
-5دامەزراندنی رادیۆی ماڵی توركمان.
-6دامەزراندنی كتێبخانەی توركمانی.
-7دامەزراندنی سەنتەری كەلەپووری توركمانی، كە جلوبەرگو كەلوپەلی كۆنی توركمانی لەخۆگرتووە.
-8دامەزراندنی تیپی هەڵپەڕكێی توركمانی.
-9دامەزراندنی چەندین سەنتەری تایبەت بە ژنانو گەنجانو ئەدیبانو نووسەرانو هونەرمەندان.
-10ئەنجامدانی فیستڤاڵی شەوانی مانگی رەمەزان.
-11ئەنجامدانی خولی هاوینە لەبوارەكانی زمانو هونەری موزیك.
-12ئەنجامدانی رێوڕەسمی ساڵانەی رۆژی كولتووری
توركمانی لە رۆژی 17/11ی هەموو ساڵێكدا.
-13یادكردنەوەی رۆژی رۆژنامەگەری توركمانی هەموو ساڵێك لە رۆژی 25ی شوباتدا.
دووەم: بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیریو هونەری سریانی
ساڵی 1996 بەبڕیاری پەرلەمانی كوردستان، بەرێوەبەرایەتیی رۆشنبیری ئاشوورى دامەزراو ساڵی 1998 لە عەینكاوە كرایەوەو دەستی بەكارو چالاكی كرد.
لەتشرینی یەكەمی 2007دا ناوەكەی گۆڕاو بوو بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیریو هونەری سریانیو لەیاسای ژمارە12ی ساڵی 2011رۆشنبیریو لاواندا ئەو ناوە جێگیر كراو كەوتە ئەنجامدانی كارو چالاكی.
ئەم بەرێوەبەرایەتییە گشتییە لەچەند بەرێوەبەرایەتییەك پێكهاتووە، لەوانە: مۆزەخانەی سریانی، كتیبخانەی سریانیو چەند بەشێكی دیكە، بەرێوەبەرایەتی رۆشنبیریو هونەری سریانی لەپارێزگای دهۆك.
ئەم بەرێوەبەرایەتییە گشتییە، بایەخی بەبوژانەوەی كولتوورو كەلەپوورو هونەرو ئەدەبی سریانی داوەو ئەم كارو چالاكییانەی كردووە:
-1چاپكردنی 55 كتێب لەبوارەكانی رۆشنبیریو ئەدەبیو هونەری بەزمانەكانی سریانیو كوردیو عەرەبی.
2 – سازدانی فیستڤاڵی ساڵانەی كەلەپوورو ئەدەبو هونەرەكانی سریانی.
-3بەرهەمهێنانی فیلمی دیكۆمێنتاری تایبەت بە مێژوو و كولتوورو كەلەپووری سریانی.
-4 بایەخدان بەزمانی سریانی.
-5 كردنەوەی پێشانگای نیگاركێشانی تایبەت بەهونەری سریانی.
لەكارنامەی چوار ساڵی وەزارەتی رۆشنبیریو لاوانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، بەرنامەیەكی تێرو تەسەل دانراوە بۆ ئەنجامدانی فیستڤاڵو كۆنسێرتو كارو چالاكی ئەدەبیو رۆشنبیریو هونەری بۆ بەرێوەبەرایەتییە گشتییەكانی سریانیو توركمانی.